زنجیرەی سیمینارە ژینگەییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەردەوامە
بۆ دووهەمین هەفتە لەسەر یەك، سیمیناری (ڕێكخستنەوە و باشتركردنی كاری كۆمپانیاكانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك و شارەوانییەكان)ی سنوری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتیمان بەڕێوەچوو، سیمیناری ئەم هەفتەیە تایبەت بو بە زۆنی (یەكی شارەزوور) كە بە بەشداری لێپرسراوانی بەشی ژینگە و ڕاگەیاندن و لێپرسراوی هۆبەكان و سەرپەرشتیاران و چاودێرانی بەشی ژینگە و نوێنەری كۆمپانیاكان لە سنوری زۆنی شارەزوور بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەكەدا (سروش سازانی) لێپرسراوی بەشی ژینگە بە هاوبەشی لەگەڵ لێپرسراوی هۆبەكانی بەشەكەی؛ سەرنجیان لەسەر ناوەرۆكی گرێبەستی كۆمپانیاكانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی چڕكردەوە، بەووردی سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر قۆناغەكانی (هەڵگرتنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی) خۆڵ و خاشاك خستەڕوو، لەهەمانكاتدا هەڵسەنگاندنێكی بابەتییانەیان بۆ كار و چالاكی مەیدانی سەرپەرشتیار و چاودێر و ژینگەپارێزانی سنورەكە كرد.
لە بەشێكی سیمینارەكەدا (هەڵمەت عەلی) لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن جەختی لەسەر بڕگەی هەڵمەتی هۆشیاری ژینگەیی كردەوە لە ناوەڕۆكی گرێبەستی كۆمپانیاكان و ڕایگەیاند؛ پێویستە ئاستی هەڵمەتەكانی هۆشیاری بەرزبكرێتەوە و سەرجەم ڕەگەزە میدیاییەكانی بینراو و بیستراو و نوسراو بگرێتەوە، لەهەمانكاتدا بەپێویستی زانی تەواوی چالاكییە ژینگەییەكان ڕووماڵ بكرێت.
لە كۆتاییدا، سەرپەرشتیاران و چاودێران و نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكار سەرنج و تێبنیییەكانی خۆیان خستەڕوو، لەنزیكەوە پەیامی خۆیان بە لێپرسراوی بەش و هۆبەكان گەیاند. بڕیارە ئەم سیمینارە بەردەوامی هەبێ و سەرجەم زۆنەکانی کۆکردنەوە و هەڵگرتەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنوری کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بگرێتەوە.













