زانیارى گشتىشارەوانیەکان

لە مەراسیمێکدا سەرۆکى شارەوانى سەیدسادق ئاڵوگۆڕکرا

لە مەراسیمێکى تایبەتدا بە ئامادەبوونى قایمقامى قەزاى سەیدسادق و بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى، سەرۆکى شارەوانى سەیدسادق ئاڵوگۆڕکرا.

مەراسیمەکە بە بەشدارى سەرۆکى نوێ و پێشووى سەیدسادق و لێپرسراوی بەشەکانى بەڕێوەبەرایەتیی گشتى شارەوانییەکاتى سلێمانى و لێپرسراوى بەش و هۆبەکانى شارەوانى سەیدسادق بەڕێوەچوو، لە وتەیەکدا (د.ڕەزا محەمەد) قایمقامى قەزاى سەیدسادق کار و چالاکییەکانى (حەمزە محمد ڕەشید) سەرۆکى پێشووى شارەوانى سەیدسادقى بەرز نرخاند و هیواى خواست لە کارى داهاتوویدا سەرکەوتووبێت، لەهەمانکاتدا پیرۆزبایى و پاڵپشتى خۆى بۆ (زمناکۆ ئەنوەر ستار) سەرۆکى نوێ دەربڕى و بەڵێنیدا هاوکاریان بن لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان.

لەهەمانکاتدا ئەندازیار (ئاسۆ شێرکۆ) بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى لە وتەیەکدا دەستخۆشى و پێزانینى خۆى بۆ سەرۆکى پێشووى شارەوانى دەربڕى و چەپکەگوڵى ڕێزو وەفادارى پێشکەشکرد، هاوکات پیرۆزبایی گەرمى لە سەرۆکى نوێى شارەوانى کرد و ڕایگەیاند؛ هیواخوازم ئەرکەکانت بە باشترین شێوە ڕاپەڕێنیت و لەئاست خواست و داواکارى خەڵکى خۆشەویستى قەزاى سەیدسادق بیت، ڕاشیگەیاند؛ ئێمە پاڵپشت و پشتیوانى بەردەوامتان دەبین.

لەبەشێکى ترى مەراسیمەکەدا (حەمزە محمد ڕەشید) سەرۆکى پێشووى شارەوانى سەیدسادق دواى پیرۆزباییکردن لە سەرۆکى نوێى شارەوانى ڕایگەیاند؛ لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا ئەوەى لەتواناى ئێمەدا بووبێت بۆ خزمەتکردنى سنورى شارەوانى سەیدسادق درێخیمان نەکردووە و بە ئەرکى خۆمان زانیوە، لەئێستاشەوە پاڵپشت و هاوکارى سەرۆکى نوێى شارەوانى دەبین، لەبەرامبەردا (زمناکۆ ئەنوەر ستار) سەرۆکى نوێى شارەوانى سوپاسى متمانەى ئامادەبووانى کرد و ڕایگەیاند؛ بەڵێن بێت لەئاست متمانەى ئێوەدا بم و ئەرکەکانم بە باشترین شێوە ڕابپەڕێنم، لەکۆتاییشدا هیواى سەرکەوتنى بۆ سەرۆکى شارەوانى پێشوو خواست.

لەکۆتایی مەراسیمەکەدا، لێپرسراوى بەشەکانى بەرێوەبەرایەتیى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى سەرنج و تێبینى خۆیان لەسەر کێشە و ئاستەنگییەکانى بەردەم ڕاپەڕاندنى کارەکانیان لە سنورى شارەوانى سەیدسادق خستەڕوو، پێکەوە بە بەشدارى سەرۆکى نوێ و پێشووى شارەوانى و لێپرسراوى بەش و هۆبەکانى شارەوانى سەیدسادق ڕێگەچارەکانیان دەستنیشانکرد.

Back to top button