زانیارى گشتىشارەوانیەکان

سیمینارێك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكان بەڕێوەچوو

سەبارەت بە ڕێكخستنەوە و باشتركردنی كاری كۆمپانیاكانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك و شارەوانییەكانی سنوری كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتیمان؛ سیمینارێك لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سیمینارەكە بەبەشداری بەرێوەبەری گشتی و لێپرسراوی بەشی ژینگە و ڕاگەیاندن و لێپرسراوی هۆبەكان و سەرپەرشتیاران و چاودێرانی بەشی ژینگە لە سنوری زۆنی (دەربەندیخان-شارباژێڕ) بەڕێوەچوو.

(ئەندازیار ئاسۆ شێركۆ) بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی دوای دەستخۆشیكردن لە هەوڵ ماندووبوونی سەرپەرشتیار و چاودێرەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و نوێنەری كۆمپانیاكان، ڕایگەیاند؛ كۆمپانیاكان تەواوكاری كاروچالاكییەكانی ئێمەن و رۆڵیان لە پاراستنی ژینگەدا بەرز دەنرخێنین، ڕاشیگەیاند؛ سەرەڕای قەیرانی دارایی و دۆخی سەختی ئابوری كوردستان، بەڵام لێبڕوانە بەهەماهەنگی لەگەڵ شارەوانییەكان و چاودێر و سەرپەرشتیارەكانمان بەباشی ئەركەكانی خۆیان جێبەجێكردووە.

هەر لە سیمینارەكەدا (سروش سازانی) لێپرسراوی بەشی ژینگە بە هاوبەشی لەگەڵ لێپرسراوی هۆبەكانی بەشەكەی؛ بەووردی سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر قۆناغەكانی (هەڵگرتنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی) خۆڵ و خاشاك خستەڕوو، تەواوی ئەو بەربەرست و ئاڵنگارییانەیان بەرچاوخست كە ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێشبردنی پڕۆسەكە، ڕایانگەیاند؛ دەبێت بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرۆكایەتی شارەوانییەكان و كۆمپانیاكانەوە لە خزمەتی هاوڵاتییاندا بین، ئەوەی لەچوارچێوەی بەرەوپێشبردن و باشتركردنی دۆخی ژینگەپارێزی و هەڵگرتنەوە و چارەسەكردنی خۆڵ خاشاكدایە دەبێت جێبەجێبكرێت.

لە بەشێكی سیمینارەكەدا (هەڵمەت عەلی) لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندن باسی لە هەڵمەتەكانی هۆشیاری ژینگەیی كرد كە بەشێكە لە ئەركی كۆمپانیاكانی جێبەجێكار، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هۆشیاری ژینگەیی لەڕێگەی میدیای (بینراو، بیستراو، چاپكراو) ڕۆڵی ئەرێنی لە بەرزكردنەوەی خۆشەویستی و وابەستەیی تاك و كۆمەڵگە هەیە بە ژینگەكەی، بۆیە دەبێت بەبەردەوامی كار لەسەر ئەو بابەتە بكرێت.

لە كۆتاییدا، سەرپەرشتیاران و چاودێران و نوێنەری كۆمپانیای جێبەجێكار سەرنج و تێبنیییەكانی خۆیان خستەڕوو، لەنزیكەوە پەیامی خۆیان بە لێپرسراوی بەش و هۆبەكان گەیاند.

بڕیارە ئەم سیمینارە بەردەوامی هەبێ و سەرجەم زۆنەکانی کۆکردنەوە و هەڵگرتەوەی خۆڵ و خاشاک لە سنوری کارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بگرێتەوە.

Back to top button