بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى سلێمانى پیرۆزبایی نەورۆز دەکات ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ: كرۆكی نەورۆز ئومێد و سەرکەوتنە
(ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ) بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانىى پیرۆزبایی سەرى ساڵى کوردى و جەژنى نەورۆز لە تەواوى کوردستانیان دەکات، ئومێدەوارە نەورۆزى ئەمساڵ هەوێنى یەکڕیزى و تەبایی و کارى پێکەوەیی کوردان بێت.
بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، كرۆكی نەورۆز ئومێدبەخشە و هێمایە بۆ ئازادى و سەرکەوتن، دەشڵێت، لەم یادە ڕەسەن و دێرینەى کوردەواریدا، تەواوى بەها بەرز و باڵاکانى نەتەوەییمان خۆى بەیان دەکا و هێز و گۆڕ و ئینتیماى کوردبوون لە ناخى هەر یەکێکماندا زیندوو دەکاتەوە، بۆیە دەستگرتن و بە زیندوو ڕاگرتنى ئەم یادە؛ بوون و ئامادەگى نەتەوەییمان وەک گەلێکى دێرینى ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
لە کۆتاییدا ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ دەڵێت، ئومێدەوارم سەرى ساڵى کوردى و جەژنى نەورۆز ئاشتى و ئاوەدانى و گەشەسەندن لەگەڵ خۆیدا بهێنێ و کوردستان و تەواوى ناوچەکە و جیهان نوقمى ئارامى و ئاساییشى سەرتاسەرى بكات.
ئەندازیار ئاسۆ شێرکۆ
بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکانى سلێمانى