شارەوانیەکان

سەرۆكێكی نوێ بۆ شارەوانی سیتەك دانرا

دارا جەزا بووە سەرۆكی نوێی شارەوانی سیتەك

لە مەراسیمێكی تایبەت و لەچوارچێوەی گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕییەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی نوسینگەی بەرێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ سەرۆكێكی نوێ بۆ شارەوانی سیتەك دانرا.

گۆڕانكارییەكە بە ئامادەبوونی ئەندازیار (ئاسۆ شێركۆ) بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و (حاكم فەرهاد ساڵح( قایمقامی قەزای چوارتا و ژمارەیەك لێپرسراوی پەیوەندیدار لە دیوانی بەرێوەبەرایتی گشتیمان و هەندێك بەرپرسی حوكمی و حیزبی ناوچەكە ئەنجامدرا، تیایدا (دارا جەزا سعید) لەشوێنی (جەزا علی تۆفیق) دەستبەكاربوو كە 3 مانگ بەرلەئێستا بەڕێزیان خانەنشین بوون و بە وەكالەت لەشوێنیان (پێشڕەو عومەر) سەرۆكی شارەوانی تووەسپی ئەركەكانی بەشێوەیەكی كاتی ڕادەپەراند.

لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەكە، ئەندازیار (ئاسۆ شێركۆ) ڕۆڵ و بەخششەكانی (جەزا علی) لەماوەی چوار ساڵی كاركردنیدا وەك سەرۆكی شارەوانی سیتەك بەرز نرخاند و بەڕێز و وەفادارییەوە خزمەتكردنی بەرێزیانی بیر ئامادەبووان هێنایەوە، لەهەمانكاتدا پیرۆزبایی گەرمی لە (دارا جەزا سعید) سەرۆكی تازە دەستبەكاربوو كرد و هیوای خواست لە ئەرك و بەرپرسیارێتیی نوێیدا سەركەوتوو بێت و جێگەی ڕەزامەندی سەرجەم دانیشتووانی ناوچەكە بێت.

ناحیەی سیتەک یەکێکە لە پێنج ناحیەكەی قەزای شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی و ناوەندەکەی شارەدێی سیتەکە، بەهۆی دڵڕفێنی و سروشتی جوانییەوە؛ ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەری ژیاری ناوچەكە لە فراوانبووندایە و ئەرك و بەرپرسیارێتی سەرۆكایەتی شارەوانی ناحیەكەش گەورەتر دەبێت، لەئێستادا پلانی سەرەكی سەرۆكایەتی شارەوانی سیتەك؛ جێبەجێكردنی ماستەرپلانی ڕاگەیاندراوی ناحیەكەیە تاكو لەو ڕێگەیەوە كۆنتڕۆڵی زیادەڕەوی بكات و خزمەتگوزارییە گشتییەكانیش بباتە ئاستێكی باڵاتر.

Back to top button