400 نەمام لە ناحیەی شۆڕش چێنرا
لە هەڵمەتێكی بەرفراوانی سەوزكردن و نەمام ناشتندا، سەرۆكایەتی شارەوانی شۆڕش بڕی 400 نەمامی لە جۆری سنەوبەر لە سنوری ناحیەكەدا چاند كە تەواوی نەمامەكان لەلایەن ڕێكخراوی مناڵپارێزی كوردستانەوە دابینكرابوو.
هەڵمەتەكە بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هۆبەی باخچەكانی سەرۆكایەتی شارەوانی شۆڕش بە هاوبەشی لەگەڵ قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی شۆڕش ئەنجامدرا كە ئامانج لێی سەوزكردن و پاكڕاگرتنی ژینگەی ناحیەكەیە.
(نوا عەبدوڵا) بەڕێوەبەری پڕۆژەكانی ڕێكخراوی مناڵپارێزی كوردستان لە بەرنامەی گەنجان بە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانی ڕاگەیاند؛ ئێمە وەك سروشتی كاری خۆمان هەمیشە پابەندی پاراستنی ژینگە و سەوزكردنی سنوری چالاكییەكانمانین، هەر لەو ڕوانگەیەوە بڕی 400 نەمامان پێشكەش بە ناحییەكە كردووە.
(بورهان عەبدوڵا) سەرۆكی شارەوانی شۆڕش دوای سوپاس كردنی ڕێكخراوی مناڵپارێزی كوردستان بۆ دابینكردنی نەمامەكان ڕایگەیاند؛ ئەركی ئێمە لێرەدا تەواو نابێت، بەڵكو پاراستن درەختەكان و دابینكردنی ئاو بۆیان ئەركی بەردەواممان دەبێت، چونكە شۆڕش و قەزای چەمچەماڵ بێئاون و دەبێت لەئێستاوە لە خەمی دابینكردنی ئاودا بین تاكو نەمامەكان ڕووبەڕووی وشكبوون نەبنەوە.








