پڕۆژەیەکى ئاوەڕۆى لولەیی لە گەرمک جێبەجێدەکرێت
لەچوارچێوەى خزمەتە بەردەوامەکانیدا، سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک پڕۆژیەکى ئاوەڕۆى لولەیی بە بەهاى (370000000) سى و حەوت ملیۆن دینار لە سنورى ناحییەکە خستە بوارى جێبەجێکردنەوە.
بە ئامادەبوونی (حاکم زیاد) بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک و (سەروەر شێخ عبداللە) سەرۆکی شارەوانی گەرمک و ئەندازیارى سەرپەرشتیار؛ قۆناغى سەرەتاى پڕۆژەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى زانیارییەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک، کۆى بودجەى پڕۆژەکە لەسەر داهاتى فرۆشتنى زەوى شارەوانییەکە دابینکراوە کە بڕەکەى سى و حەوت ملیۆن دینارە.
سنورى جێبەجێکردنى ئەم ئاوەڕۆیە دەکەوێتە ناو ئەو زەویانەی کە لەداهاتوودا بەسەر فەرمانبەرانەدا دابەشدەکرێت و ڕەزامەندی پێدانی زەوییان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانییەوە بۆ دەرچووە، بەمەش شارەوانی گەرمک دەبێتە یەکەم شارەوانی کە پێش دابەشکردنی زەویەکان پڕۆژەى ئاوەڕۆی لولەییان بۆ جێبەجێبکات.







