زانیارى گشتىشارەوانیەکان

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایگەیاند حكوومەت بەردەوامە لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كار بەڕێوەبردن، وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیەش لەلایەن دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە كاریگەری زۆر باشی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئاداری 2023، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریكاری وەزارەت و ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەر و ئەندامانی لیژنەی سەرپەرشتیی كارەكانی سیستەمی ئایزۆ لە وەزارەت و كۆمپانیای ڕاسپێردراوی تایبەت بە كارەكانی بڕوانامەی ئایزۆ، وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆی بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاند.

ساسان عەنی، لە سەرەتای قسەكانیدا لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی: دوای ئەوەی لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانی جەنابیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەت، ئێمە لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوەبچن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گوتیشی: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لیژنەیەك لە فەرمانبەر و ئەندازیارانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی پرۆسەی وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆیان كرد، ئەویش بە ڕاهێنانی بەردەوامی فەرمانگەكان و فەرمانبەران لەسەر ئەو پرۆسەیە، دوای چاودێریكردنی ناوخۆیی و دەرەكی لەلایەن كۆمپانیای ڕاسپێدراو بەو كارە، خۆشبەختانە بە سەركەوتوویی ئەو پرۆسەكە تەواو كرا و بڕوانامەكە بۆ دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەرگیرا.

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا دەستخۆشی لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ستافی وەزارەت كرد كە توانیویانە بە باشی كار بۆ وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە بكەن و لەمبارەیەوە گوتی: زۆر سوپاس بۆ جەنابی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە بەشداربوون لە پرۆسەی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئەو پرۆسەی ئێستا كە وەرگرتنی بڕوانامەی ئایزۆیە، ئەوەش لە ئەنجامی كارێكی باشی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە كە كاری لەسەر كردووە كە لە ئاستی چاكسازیدا بەشێكە لە كارنامەی حكوومەت و پەیوەستە بە چارەسەركردنی پرسی ڕۆتین. عەبدولحەكیم خەسرۆ، گوتیشی: ئەم پرۆسەیە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت، ئەمەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ستافی وەزارەت كردوویانە، بەشێكە لەو پرۆسەیە و دەبێتە دەرئەنجامێكی باش بۆ ئەوەی ئێمە هەموو خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت بە ئاستێكی باش بەڕێوە ببەین.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: جێگەی خۆیەتی جارێكی دیكە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كار بەڕێوەبردن بەردەوامە و وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیەش لەلایەن دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لەمەودا كاریگەریی زۆر باش و ئەرێنی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و شەفافیەت دەبێت. گوتیشی لە ماوەیەكی داهاتوودا ئەو پرۆسەیە لە سەرجەم فەرمانگەكانی تری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەپێناو باشتركردن و پتەوكردن و ئاسانكردنی ڕێكارە كارگێرییەكان دەستپێدەكەین كە لەمەودوا ڕەنگدانەوەی زیاتری لەسەر كارەكان دەبێت.

پاشان لەلایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدولحەكیم خەسرۆ، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بڕوانامە بەسەر لیژنەی سەرپەرشتیی كارەكانی سیستەمی ئایزۆ دابەش كرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش داوای لە لیژنەكە كرد لەمەودوا پێویستە بە باشی كار بەو سیستەمە لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و شەفافیەت و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكاندا بكەن.

Back to top button