زانیارى گشتىشارەوانیەکان

سیستەمی ئایزۆ بۆ كارەكانی دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستیپێكرد

ڕۆژی پێنجشەممە 9ی ئاداری 2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، وەرگرتنی بڕوانامەی سیستەمی ئایزۆی بۆ دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیاند و ئێستا ئەو سیستەمە لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستیپێكردووە.

ئەو سیستەمە لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی كارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دامودەزگەكانی حكوومەت بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بۆ بەڕێوەبردنی كارەكان.

وەك وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیییەكەدا ئاماژەی بۆ كرد، سیستەمی ئایزۆ كاریگەریی زۆر باش و ڕەنگدانەوەی لەسەر چۆنیەتی و خێرایی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و ئاسانكردنی ڕێكارە كارگێرییەكان دەبێت.

لە قۆناغی ئێستادا سیستەمەكە لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كاری پێ دەكرێت و لە ماوەی داهاتوودا، بە گوتەی ساسان عەونی، لە سەرجەم فەرمانگەكانی تری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.

Back to top button